پارێزگار واده‌ی ته‌واو بوونی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك و ده‌ستپێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تری ڕاگه‌یاند

پارێزگار واده‌ی ته‌واو بوونی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك و ده‌ستپێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تری ڕاگه‌یاند
پەیامی کورد   ...   پارێزگار واده‌ی ته‌واو بوونی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك و ده‌ستپێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تری ڕاگه‌یاند

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقوولی لەم چەند ڕۆژە تەواو دەبێت، هەروەها پڕۆژەی دووسایدی کەسنەزان-بەندئاوی گۆمەسپانیش لە 70%ـی تەواو بووە.

شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ووتی: سەرەرای ئەو دۆخە قەیرانئاوی و ئەو گرفتانەی هاتووەتە بەردەم حکوومەت، دیدگای مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت وابووە زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بکرێت.

هەر لەوچوارچێوەیە پارێزگاری هەولێر ووتی، پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقوولی کە 22 کیلۆمەترە، لەم چەند ڕۆژە تەواو دەبێت، هەروەها پڕۆژەی دووسایدی کەسنەزان-بەنداوی گۆمەسپان کە زیاتر لە 15 کیلۆمەترە و لە 70%ـی تەواو بووە.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی سێیەم کە زۆر گرینگە ئەویش دووسایدی هەولێر-کۆیەیە، کە پیشتر بەڕێگەی مەرگ ناسرابوو، بۆیە داواکارییەکی زۆر لەلایەن خەڵکی کۆیە هەبوو بۆ ئەوەی ڕێگەکەیان بۆ چاک بکرێت، ووتیشی، ماوەی تەوابوونی پڕۆژەکە سێ ساڵە و ئێستا لە 30%ـی تەواوبووە. چاوەڕوانیش دەکرێت پێش وادەی خۆی تەواو بکرێت.

ڕاشیگەیاند، لەم ڕۆژانە پرۆژەی ئاوی قوشتەپەش تەواو دەبێت، دەشڵێت بەسوپاسەوە هەفتەی ڕابردوو داواکارییەکی دیکەی خەڵکی کۆیەمان دەربارەی کێشەی کەم ئاوی گەیاندە سەرۆک وەزیران، ئەویش بڕیاری دا لەم ڕۆژانە پرۆژەکە دەست پێبکات.

هەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بنکەیەکی تەندرووستی و قوتابخانەیەک لە گوندی هەنارە ووتی، بەگوژمەی پێنج ملیار و 750 ملیۆن دیناری عێراق 11 قوتابخانە و حەوت بنکەی تەندرووستی لە جێبەجێ کردندان و بەشێک لەو قوتابخانانە تەواو بوونە.   

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە