مەسروور بارزانی : لە کوردستان پارتی هیچ ڕکابەرێکی نەماوە

مەسروور بارزانی : لە کوردستان پارتی هیچ ڕکابەرێکی نەماوە
پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : لە کوردستان پارتی هیچ ڕکابەرێکی نەماوە

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری ئاھەنگی بانگەشەی پارتی کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە دەتوانین زیاتر سەرکەوتن بەدەست بھێنین، دەتوانین زیاتر بەرەو پێشەوە بچین، دەتوانین پارتی بکەینە گەورەترین و سەرکەوتووترین لیست لە ھەڵبژاردنی عێراق."

پێنجشەممە ١٦-١٠-٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری ئاھەنگی بانگەشەی پارتیی کرد و لە ووتارێکدا ووتی: "ئێمە کە ئەم نوێنەرانە دەنێرینە بەغدا بۆ ئەوەیە لەوێ نەک تەنیا بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن، دەبێت بەرگری لە مافی تاک بە تاکی خەڵکی ئەم ووڵاتە بکەن بە ھەموو پێکھاتەکانەوە، بە ھەموو ئایینەکانەوە، دەبێ بەرگری لە دیموکراسیەت بکەن، بەرگریی لە دەستوور بکەن، بەرگری لە فیدڕالیەت بکەن، بەرگریی لە خەڵکی ستەم لێکراو بکەن، نوێنەرانی ئێمە نوێنەری ھەموو ئەو کەسانەن کە بەدوای چەسپاندنی دادپەروەرین."

جێگری سەرۆکی پارتی ووتیشی: "پێشتریش ووتیان دەتانڕووخێنین، دەتانوەستێنین، تێکی دەدەین، ووتمان ناتوانن و نەشیانتوانی، نەیانتوانی ڕامانگرن، ئێستاش دەیانەوێ گومان درووست بکەن لەسەر ئەوەی کە بتوانین دەستکەوتی زیاتر بەدەست بھێنین، کە بتوانین ھەموو دەستکەوت و مافەکانی خەڵکی کوردستان، دەستوور جێبەجێ بکەین، کە بتوانین ھەموو بستێکی داگیرکراوی کوردستان بگەڕێنینەوە، کە بتوانین ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو کوردستانێکی پێشکەوتووتر بڕۆین، ئێستاش دەیانەوێ گومانمان بۆ دروست بکەن و پێمان بڵێن ئێوە ناتوانن ئەو سەرکەوتنانە بەدەست بھێنن، بەڵام دیسانیش دەڵێین، ئێمە دەتوانین زیاتر سەرکەوتن بەدەست بھێنین، دەتوانین زیاتر بەرەو پێشەوە بچین، دەتوانین پارتی بکەینە گەورەترین و سەرکەوتووترین لیست لە ھەڵبژاردنی عێراق لەم وەرزی ھەڵبژاردنەدا."

دەقی گوتاری مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی:

دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ماندوو نەبن، دەزانم زەحمەتە ئەم وەرزەی ھەڵبژاردن کە ھاتووە، لەوانەیە زۆر لەوە زیاتر ئەزیەتتان بدەین، بەڵام ئامادەبوونتان جێی رێز و پێزانینی ھەموو لایەکمانە و ھیوادارین چۆن لێرە ئامادەن، لەم ماوەیە بەردەوام بن بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی سەربەرزی شەھیدان، لیستی پێشمەرگە قارەمانەکان، لیستی سەرۆک بارزانی، لیستی ئەم کاندیدە سەربەرزانە کە دەبنە نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان.

خوشک و برایان

ئێوە ئامادەن بۆ ئەم ھەڵبژاردنە؟

ئامادەن بۆ سەرکەوتنێکی گەورە؟

ئەم ماوەیە بۆ ماوەی مانگێک ئێمە خزمەتی ئەم خوشک و برایانە دەکەین، بۆ ئەوەی بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەوان بتوانن لە بەغدا خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، بۆیە ھەموو بەیەکەوە پشتیوان دەبین بۆ سەرخستنی ئەم لیستە و ناردنی ئەم خوشک و برایانە بۆ پەرلەمانی عێراق.

بێگومان، پێشڕەوی کورد ئینشائەڵا ھەتا ھەتایە ھەر پارتی دەبێ و ھەر بارزانیش سەرۆکمان دەبێت

سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێ و سڵاوی جەنابی سەرۆک بارزانیتان پێ رادەگەیەنم.

ھەڤاڵانی بەڕێز و خۆشەویست

دیسان وەرزی ھەڵبژاردنە و دەبێ ھەوڵێکی جددی بدەین بۆ ئەوەی پارتی ھەروەک خۆشتان دەزانن ببێت بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی نەتەوەکەمان. سەرخستنی ئەم لیستە، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە کە ھەموو خەونەکانی گەلەکەمان ببن بە راستی.

ئەم ھەڵبژاردنە بۆ گرنگە؟ ئەم ھەڵبژاردنە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، لەوانەیە زۆر پرسیار درووست ببێت کە بۆ پێویستە ئەم ھەڵبژاردنە زۆر زۆر خۆمان ماندوو بکەین و بۆچی سەربکەوین؟ بەڕێزان، لە کوردستان پارتی ھیچ مونافسێکی نەماوە، ئەمەی ماوە ئێستا لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن، بۆیە پێویستە ئێمە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین. بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ ھەموو ئەو لایەنانەی کە چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان ھەڵنایەت، یان بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە نەیانتوانیوە لە کوردستان ململانێی پارتی بکەن، بەغدایان ھەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن و رێگریی لە پرۆژە و سەرکەوتنەکانی کوردستان بکەن، بۆیە ئێمە پێویستە بچینە ئەوێ، بە تەواجودی خۆمان، بە بوونی خۆمان، بە بوونی ھەڤاڵانی تێکۆشەری پارتی، لەوێ بتوانین ئەو بەربەستانەش ھەڵبگرین، ئەو رێگرییانە ھەڵبگرین و جارێکی تر ھەموو شتەکان بخەینەوە سەر ڕێگەی راست، پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ھەموو لایەنەکانی تر وا بکەین بەھێزتر بن و وا بکەین کە دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێ و ھەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دەستەبەر بکرێ.

ئێمە کە ئەم نوێنەرانە دەنێرینە بەغدا بۆ ئەوەیە لەوێ نەک تەنیا بەرگریی لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن، دەبێت بەرگریی لە مافی تاک بە تاکی خەڵکی ئەم وڵاتە بکەن بە ھەموو پێکھاتەکانەوە، بە ھەموو ئایینەکانەوە، دەبێ بەرگریی لە دیموکراسیەت بکەن، بەرگریی لە دەستوور بکەن، بەرگریی لە فیدرالیەت بکەن، بەرگریی لە خەڵکی ستەملێکراو بکەن، نوێنەرانی ئێمە نوێنەری ھەموو ئەو کەسانەن کە بەدوای چەسپاندنی دادپەروەرین.

خوشک و برایان

ئێمە چۆن ھەڵبژاردن بکەین؟ کادیری پارتی کادیرێکی بەڕەوشتە، ئەندامانی پارتی لەسەر رێبازێک پەروەردە کراون کە رێز لە یاسا بگرن، بە شێوەیەکی شارستانی دەبێ ئەم ھەڵبژاردنە و بانگەشەی ھەڵبژاردن بکرێ، بۆیە داوا لە ھەموو لایەکتان دەکەم، لە ئاستی پارتی بانگەشە بکەن، خۆتان نەھێننە ئاستی خەڵکانێکی تر کە چاویان بە سەرکەوتنی ئێوە ھەڵنایەت.

بەڕێزان

ئێمە کە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەین، بێگومان دەبێ باسی ھەم رابردووی خۆمان بکەین، ھەم باسی ئەوە بکەین چیمان کردووە بۆ خەڵک، ھەم باسی بەرنامەی ئاییندە و داھاتووی کوردستانیش بکەین. ئەگەر ئێستا کەسێک ھاتبا و بە ئێوەی بگوتبا، بەڵێنی بە ئێوە بدابا کە ئێمە دێین کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەین، دێین قەیرانی ئاو چارەسەر دەکەین، دێین ھەوای پیسی ھەولێر پاک دەکەینەوە، دێین کارێکی وا دەکەین چیتر دووکەڵی مۆلیدە ھەڵنەمژن، دێین پشدێنێکی سەوزایی و دارستان لە دەوری ھەولێر دروست دەکەین، دێین خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە ھاووڵاتیان دەکەین، لەوانەیە پرسێک دروست ببا کە ئەم بەڵێنانە زۆر قورسن و جێبەجێ ناکرێن، یان دڵمان پێی خۆش با کە ئەمانە بەڵێنی زۆر گەورەن و ئەگەر ببن، پێشکەوتنی زۆر گەورە لە وڵاتەکەی ئێمەدا دروست دەبێت. خوشک و برایان، ئەمانە بەڵێن نین، ئەمانە ھەموو ئەو دەستکەوتانەن کە پارتی بۆ ئەم وڵاتە و بۆ ھەولێر و بۆ کوردستان بەجێی ھێناون.

شکور بۆ خوا لە سایەی سەرکردایەتیی پارتی، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی کە پارتی سەرپەرشتیی کردووە، ھەگبەیان پڕە لە دەستکەوت، لە بەرگریکردن لە ماف و کەرامەتی خاک و نیشتمان و ئەم گەلە، لە پێشکەوتن، لە ئاوەدانی و سەرکەوتن و پێشکەوتنی زۆر گەورەش چاوەڕێی ئێمە دەکات لە ئاییندەدا.

پێشتریش گوتیان دەتانڕووخێنین، دەتانوەستێنین، تێکی دەدەین، گوتمان ناتوانن و نەشیانتوانی، نەیانتوانی رامانگرن، ئێستاش دەیانەوێ گومان دروست بکەن لەسەر ئەوەی کە بتوانین دەستکەوتی زیاتر بەدەست بھێنین، کە بتوانین ھەموو دەستکەوت و مافەکانی خەڵکی کوردستان، دەستوور جێبەجێ بکەین، کە بتوانین ھەموو بستێکی داگیرکراوی کوردستان بگەڕێنینەوە، کە بتوانین ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو کوردستانێکی پێشکەوتووتر بڕۆین، ئێستاش دەیانەوێ گومانمان بۆ دروست بکەن و پێمان بڵێن ئێوە ناتوانن ئەو سەرکەوتنانە بەدەست بھێنن، بەڵام دیسانیش دەڵێین، ئێمە دەتوانین زیاتر سەرکەوتن بەدەست بھێنین، دەتوانین زیاتر بەرەو پێشەوە بچین، دەتوانین پارتی بکەینە گەورەترین و سەرکەوتووترین لیست لە ھەڵبژاردنی عێراق لەم وەرزی ھەڵبژاردنەدا.

خوشک و برایان

ئەم سەرکەوتنانە منەتی کەسی تێدا نییە، کەس خێری پێ نەکردووین، ئەمە بەرھەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانە، بەرھەمی رەنج و خەباتی ئێوەی خۆشەویستە، دەستکەوتی جووتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و دایک و باوکە خۆشەویستەکان و ھی خۆڕاگریی ئەم نەتەوەیە، ئەمانە دەستکەوتی ڕێبازی بارزانین، بۆیە کەس منەتمان بەسەردا نەکات، ئەوەی کردوومانە بە دەست و بازووی خۆمان بەدەستمان ھێناوە.

بەڕێزان

من پەیامێکم بۆ ئەندام و لایەنگرانی پارتی ھەیە، پێش ھەموو شتێک دەستی ماندووبوونتان دەگوشم و سوپاسیشتان دەکەم، ئێوە نەبوونایە ئێمە ھیچ یەکێک لەم دەستکەوتانەمان بەدەست نەدەھێنا. خوامان لەگەڵ بووە، بەڵام ھێز و بازووی ئێوە بووە کە ھێزی بە ئێمە بەخشیوە و توانیومانە سەرکەوتن دوای سەرکەوتن تۆمار بکەین، بۆیە سوپاس بۆ ئێوە. سوپاس بۆ ئێوە خوشک و برایانی بەڕێز. بەڵام با بزانین ئەم ھەڵبژاردنانەش دیسان چاوەڕێی ھەڵمەتی ئێوەن، چاوەڕێی دەنگی ئێوەن، تکاتان لێ دەکەم ھەمووتان بچن بۆ سەر سندووقی دەنگدان، جارێکی تر، سەرکەوتنێکی گەورەتر بۆ پارتی تۆمار بکەن.

دەمەوێ سەرنجتان بۆ بابەتێک رابکێشم، بۆ ئەو کەسانەی کە تاکوو ئێستا دڵنیا نین لەوەی کە ئەم ھەڵبژاردنانە چەند گرنگن، دڵنیا بن ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین، ئەگەر ئێوە نەچنە سەر سندووقی دەنگدان، خەڵکێکی تر لە جیاتی ئێوە دەنگ دەدات، خەڵکێکی تر لە جیاتی ئێوە بڕیار دەدات و خۆشتان دەزانن ئەگەر پارتی وەکوو ھەوێنی سەرکەوتن گەورەترین دەنگەکان بەدەست نەھێنێت، ئەو دەنگانەی بۆ لایەنەکانی تر دەچن، ناکەونە خزمەتی کوردستان، بۆیە ئەرکە بۆ ھەمووتان کە ئێمە بڕۆین و گەورەترین و زیاترین دەنگ بۆ پارتی بەدەست بھێنین، بۆ ئەوەی بتوانین زیاترین خزمەتی کوردستان بکەین. خەڵکی تر پێشتریش ھەوڵی جددیان داوە کە لە جیاتی ئێمە خۆیان وەکوو نوێنەری خەڵکی کوردستان پێشان بدەن، بەڵام بەداخەوە نە بەرگرییان لە کوردستان کردووە، نە ئامادە بوون لەسەر کوردستان خۆیان بکەن بە قوربانی، بەڵکوو دەستیان لەگەڵ دەستی ناحەز تێکەڵ کرد و پیلانیان دژی کوردستان داڕشت. بۆ ئەوەی رێگریی لەوانە بکرێ، بۆ ئەوەی دەستی ئەوانە کورت بکرێ، دەبێ پارتی بە ھەموو ھێزی خۆیەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.

پەیامێکی تریشم ھەیە بۆ ئەو خەڵکانەی کە تاکوو ئێستا بڕوایان بە لایەنەکانی تر ھەیە و پێیان وایە دەتوانن دەستکەوت بەدەست بھێنن ئەگەر دەنگ بە لایەنەکانی تر بدەن. بەڕێزان، ھەروەک گوتم ئێمە ھەگبەمان پڕە لە دەستکەوت، دەتوانین لە بەیانی تاکوو ئێوارە باسی دەستکەوتەکانمان بکەین، باسی خۆڕاگرییەکانمان بکەین، باسی قوربانیدانی خۆمان بکەین، باسی ئەوە بکەین کە لە کاتی تەنگانە چۆن پارتی لە سەنگەری پێشەوە بووە، لە کاتی ئاوەدانی چۆن پارتی دانەر و داڕێژەری بەردی بناخەی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان بووە، دەتوانین بە سەعات باسی دەستکەوتەکانمان دەکەین. من داوا لەو خوشک و برایانە دەکەم، پرسیارێک ئاراستەی ئەو لایەنانە بکەن، یەک دەستکەوتمان با پێ بڵێن چی بووە بۆ ئەم وڵاتە کە ئەوان بەدەستیان ھێناوە؟ یەک دەستکەوت کە بەبێ پارتی ھاتبێتە دەست لەم وڵاتە، با بۆ ئێمە باسی بکەن، با پێمان بڵێن جگە لە پارتی کێ بووە توانیویەتی رووبەڕووی ئەو ھەموو تەحەدیات و ئاڵنگارییانە بوەستێتەوە؟ کێ بووە جگە لە پارتی بتوانێت سەرکێشیی ئەم قۆناغە و قۆناغە سەختەکانی پێشووتریش بکات؟ کێ جگە لە پارتی دەتوانێت ئاییندەیەکی گەشتر و باشتر بۆ ئەم وڵاتە دروست بکات، بێگومان جگە لە پارتی، ھیچ ھێزێکی تر ئەو توانایەی نییە. ئنجا با خۆیان ماندوو نەکەن، نە دژایەتیی پارتی بکەن.

داواشم لە خوشک و براکانی تری خۆمان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، دەنگی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن، وەرن لەگەڵ ئەو لایەنە بوەستن کە خوا پشتیوانیەتی، کە ئەم گەلە پشتیوانیەتی، کە پێشمەرگە قارەمانەکان ئەم حزبە و ئەم رێبازەیان ھەڵبژاردووە، ئێوەش وەرن لەگەڵ ئێمە، ھەموومان بەیەکەوە جوانین، ھەموومان بەیەکەوە دەتوانین سەرکەوتنی گەورەتریش بەدەست بھێنین. دەنگ بە پارتی بدەن، بۆ ئەوەی سەربەرزتر بین، بۆ ئەوەی سەرکەوتووتر بین.

خوشک و برایان

من ناچارم ھەندێک راستی باس بکەم، ناچارم باسی ھەندێک رووداو بکەم. ھەموو ئەو لایەنانەی کە چاویان بە سەرکەوتنی پارتی ھەڵنەدەھات، بەڵام نەیاندەتوانی پارتی لێرە بوەستێنن، چوون دەستیان تێکەڵ کرد بۆ ئەوەی گرفت بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست بکەن، بۆ ئەوەی رێگریی لە سەرکەوتنەکانمان بکەن، چوون بەرنامەیان داڕشت چۆن بودجەی ھەرێم ببڕن؟ لەگەڵ لایەنەکانی تر رێککەوتن چۆن فشار لەسەر ھەرێمی کوردستان دروست بکەن، پێیانوابوو ئەگەر فشار لەسەر پارتی دروست بکەن ئیتر سەرکەوتوون، بەڵام ئەوەی نایزانن ئەمەیە. خوشک و برایانی بەڕیز، ئەو فشارە تەنیا لەسەر پارتی نەبووە، ئەم ھەوڵانە تەنیا دژی پارتی نەبوون، ئەمانە دژی ھەموو خەڵکی کوردستان بوون، پارتی بەشێکی گرنگی ئەم وڵاتەیە، بەشێکی گرنگی ئەم خەڵکەیە، ئەوەی بیەوێ بەرامبەر بە پارتی بوەستێ، دەبێ بەرامبەر بە ھەموو خەڵکی کوردستان بوەستێت. بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن، ئامادەبوون ھەمووتان بشکێنن. بۆ ئەوەی پارتی ئازار بدەن، ئامادەبوون ھەمووتان ئازار بدەن. بینیشمان لەو ھەوڵە بەردەوامانەی کە داویانە بۆ ئەوە بووە کە حکوومەتی ھەرێم بە ھەموو لایەنەکانیەوە و بە ھەموو خەڵکیەوە تووشی گرفت و ئاستەنگ بێت، ھەموو خەڵکی کوردستان بەداخەوە لەم زەرەر و زیانپێگەیاندنە بەشدار بووە، حەیف کە لایەنی کوردستانی ھەبووە ویستوویانە زەرەر بە خەڵکی کوردستان بگەیەنن، ئەوەی پارێزەری راستەقینەی مافی خەڵکی کوردستان بووە، پارتی بووە، بۆیە جارێکی تریش دووپاتی دەکەمەوە، بۆ ئەوەی دیموکراسیەت سەربکەوێت، بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێن، بۆ ئەوەی چیتر ھیچ پیلانێک سەرنەکەوێت، دەبێ پارتی سەرکەوێت.

خوشک و برایان

ئێمە نەھاتووین بەس باسی رابردوو بکەین، ھەروەک باسم کرد، ھەرچی بەڵێنمان داوە، بەجێمان ھێناوە، دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم، ئێمە خەونی گەورەمان ھەیە، بەرنامەی گەورەمان ھەیە بۆ ئاییندە، راستە مێژوویەکی پڕ سەروەریمان ھەیە، مێژوویەکی پڕ قوربانیمان ھەیە، بەڵام گەشبینییەکی گەورەشمان ھەیە بۆ ئاییندەیەکی گەشتر، بۆ گەنجەکانمان، بۆ نەوەی داھاتوو، بۆ سەرخستنی کوردستان، بۆ ژیانێکی باشتر، بەختەوەرتر، بۆ ئەوەی مامۆستایان، کرێکاران، جووتیاران و ھەموو چین و توێژێکی ئەم وڵاتە سەربەرز بن، بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتریان ھەبێت، بۆ ئەوەی کوردستان و مافەکانی کوردستان مسۆگەرتر بێت، بۆ ئەوەی بست بە بستی خاکی داگیرکراوی کوردستان بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی گەنجەکانمان روو لە ھەندەران نەکەن و بە پێچەوانەوە ئەوانەی لە دەرەوەشن بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، بەرنامەمان ھەیە، پارتی روئیای ھەیە و پارتیش دەتوانێت ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکات.

ئەو رێگەوبانانە، ئەمە ئەرکە، ئێمە جیاوازی لە ھیچ شوێنێکی کوردستان ناکەین، ھەر بستێکی ئەم خاکە بۆ پارتی پیرۆزە و ئامادەین خزمەتی بست بە بستی ئەم خاکە بکەین. ئێمە پێویستیمان بەوەیە بۆ ئەوەی بەھێزتر بین، بۆ ئەوەی بتوانین مافەکانمان دەستەبەر بکەین، خەڵکێک بنێرینە بەغدا لەوێ خەریکی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی نەبێت، خەریکی ڕێککەوتنی لابەلا نەبێت، خەڵکێک بنێرینە ئەوێ کە نوێنەری راستەقینەی ئێوە بێت، کە شەڕ لەسەر مافەکانی ئێوە بکات، کە بۆ ئاییندەیەکی مسۆگەرتری کوردستان لەوێ خەبات بکات، دەبێ خەڵکێک بنێرینە ئەوێ راستگۆ بێت لەگەڵ خوای خۆی، لەگەڵ ویژدانی خۆی، لەگەڵ خەڵکی خۆی، دەبێت ئەم خوشک و برایانە بنێرینە بەغدا.

خوشک و برایان

ئێمە دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی نەتەوەکانی تریش بکەین، بۆ ئەوەی بەرگری لە ئایینەکانی تریش بکەین، بینیمان لەم ماوەیە بە چ جۆرێک ستەم لە خوشک و برا کریستیانەکانمان کرا و بەردەوامیش دەکرێت، بینیمان چۆن ستەم لە خوشک و برا تورکمانەکانمان کراوە و بەردەوامیش دەکرێت. نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، نوێنەری ھەموو چین و توێژ و ئایین و نەتەوەیەکن، نوێنەری ھەموو خەڵکی عێراقن و کە دەچینە ئەوێ، پارێزگاریی لە مافی ھەموو نەتەوەیەک و ھەموو ئایینێک دەکەین.

یەکسانی و دادپەروەری بەشێکی گرینگە لە کەلتووری پارتایەتی، ئێمە دژی ستەمکار دەوەستینەوە، بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ ستەملێکراو دروست بکەین. ئێمە دژی داگیرکەر دەوەستینەوە بۆ ئەوەی خاکی داگیرکراومان رزگار بکەین. ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە ھەموو نەتەوەیەک، ھەموو ئایینێک بە سەربەرزی بژی و منەتی کەسی بەسەرەوە نەبێت، پارتی کە خزمەتی لایەنەکان دەکات، قەت منەتیان بەسەرەوە ناکات، پارتی خزمەتکردن بە ئەرک دەزانێت، بە بەشێک لە بوونی خۆی و رێبازی خۆی دەزانێت، بۆیە خوشک و برایان، تکاتان لێ دەکەم، متمانەمان پێ بکەن. ئەو متمانەیەی تا ئێستا بە ئێمەتان کردووە، بەرھەمەکانتان بینیوە، بەڵێنمان دا، بڕواتان کرد، متمانەتان پێداین، بەڵێنەکانمان جێبەجێ کرد و لە ئاستی ئەو متمانەیە بووین کە بە ئێمەتان دا، لەمەودواش بەردەوام بن لەوەی متمانەمان پێ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی ئێوە بکەین.

خوشک و برایان

ئەرکی ئێمە قورسە، ھێشتا زۆرمان ماوە، کێشەمان تەنیا مووچە نییە، کێشەمان خاکە، کێشەمان ناسنامەیە، کێشەمان دادپەروەرییە، کێشەمان یەکسانییە، کێشەمان ھەموو ئەو مافانەیە کە تاکوو ئێستا بەدەست نەھاتوون، ئێمە داواتان لێ دەکەین متمانەمان پێ بکەن بۆ ئەوەی بتوانین ئێمە لەسەر ھەموو ئەو خاڵانە بەردەوام بین تاکوو گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکانمان. کەرکووک، مەخموور، شنگال، بست بە بستی ئەم خاکە ھیچیان بە لای ئێمەوە بەشێک نین لە جوگرافیا، ئەوانە ھەست و رۆحی ئێمەن، بەشێکن لە جەستەی ئێمە، لەبەر ئەوە ئەوەی لە توانامان دا بێت دەبێ بیکەین بۆ گەڕاندنەوەی بست بە بستی ئەم خاکە پیرۆزە بۆ نیشتمانی کوردستانمان.

ئێمە قەبووڵمان کردووە لە عێراقێکی فیدرالیدا بژین، بەڵام عێراقێکی فیدرالی کە بڕوای بە فیدرالیەت ھەیە، بە ھەموو مافەکانی دەستووری ئەم ووڵاتە ھەیە، خەڵکی کوردستان مافەکانیان دیارە، خاکی کوردستان بست بە بستی ئەم شوێنانەی کە باسم کرد، بەشێکن لە جەستەی کوردستان، ناکرێ بە جۆرێک تەعامول لەگەڵ دەستوور بکرێ کە لە بەرژەوەندی لایەنێک بێ و دژی ھەرێمی کوردستان بێ، ئێمە پێویستە ئەو شەڕە لە بەغدا بکەین بۆ ئەوەی دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێ، بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠ وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێ، بۆ ئەوەی بوودجەی ھەرێم وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێ، بۆ ئەوەی ھەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکوو خۆی دەستەبەر بکرێ و ھیچ کەس توانای ئەوەی نەبێت خۆی بە بەرزتر بزانێت و خەڵکی نوێنەری کوردستانیش لەوێ ھەبن، خۆیان بە کەمتر بزانن، پارتی خۆی لە ھیچ کەسێک بە کەمتر نازانێت، پارتی بەرامبەریان دەوەستێت، پارتی لە ئاستی ھەموو لایەکە و لەپێناو بەدەستھێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان، پارتی ئامادەیە رووبەڕووی ھەموو کەسێک ببێتەوە.

خوشک و برایان

من ناوی باسی ئەو شتانە بکەین کە کردوومانە، چوونکە شتی زۆر زۆر گەورەترمان لەپێشە، ئەوەی کردوومانە پێشکەشی ئێوە بێت، ئەوەی ماوە زۆر گەورەترە ئینشائەڵڵا. بەڵام خۆشە ئێوە ھەموو شاھێدن، دەبینن کە دەستکەوتەکانی پارتی چین، پێویستیمان بەوە نییە قەناعەت بە خەڵکی کوردستان بکەین بڕوامان پێ بکەن، کردارەکانی ئێمە باشترین شاھێدن لەسەر ئەوەی پارتی کە قسەیەک دەکات، جێبەجێشی دەکات.

ئێستاش خوشک و برایان

من لەوە زیاتر کاتتان ناگرم، زۆر زۆر سوپاستان دەکەم، دەزانم ماندوون، بەڵام دیسانیش داواتان لێ دەکەم، تۆزێک زیاتر خۆتان ماندوو بکەن، مانگێک خزمەتی ئەم خوشک و برایانە بکەن بۆ ئەوەی چوار ساڵ خزمەتی ئێمە بکەن، بۆ ئەوەی خزمەتی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی رێگە لە خەڵکی تر بگرن پلان بەرامبەر بە ئێوە بگێڕن، بۆ ئەوەی کوردستان بچێتە قۆناغێکی مسۆگەرتر، گەشاوەتر، پێشکەوتووتر. بۆ ئەوەی دادپەروەری، یەکسانی، دیموکراسی و فیدرالی دەستەبەر بکرێن، ھەموو مافەکانی کوردستان دەستەبەر بکرێن، تکاتان لێ دەکەم دەنگ بدەن بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر سەرکەوتوو بن، کوردستان ھەر ئاوەدان بێت.

ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە