ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات
پەیامی کورد   ...   ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات

چوارشەممە 15ی ئۆکتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا و بە بۆنەی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ، سەرۆک وەزیران داوای کرد هەڵمەتێکی شارستانی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێنمایی یەکان بەڕێوە بچێت. سەرۆک وەزیران هیوای سەرکەوتنیشی بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانە خواست کە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و داکۆکی لە مافە دەستووری و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لە دوای جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و هەروەها بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەکانی خەرج کردنی مووچەی هەر دوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دیکەی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، ووردەکاری بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایەڕوو کە لەلایەن بەڕێوبەری گشتی ژمێرکاری هەرێمی کوردستان بە ژمارە و داتای پێویست، سەرجەم بوارەکانی داهاتەکان و خەرجییەکان و کورتهێنانی مانگانە ڕوون کرایەوە کە لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی لێ ئاگادارکراوەتەوە.

پاشان هەریەک لە وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ووردەکاری زیاتریان لەسەر ڕاپۆرتەکە خستەڕوو کە پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم ئامادە کرابوو، دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی بابەتەکە، ئەنجوومەنی وەزیران لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیازی پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنیان، لە ناویشیاندا جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی و پێدانی پێشینە بەم بابەتە لە پێش هەموو خەرجییەکان، تاوەکوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هیچ شتێک نەکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دواتریش، کە ئێمە لە مانگی تشرینی یەکەمین و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆیان هێشتا وەرنەگرتووە .

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات، وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕاسپێرێت بە خەرج کردنی مووچەی هەرێم بە تایبەتیش وەک وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت خستیەڕوو، ڕێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی بە بێ کەم و کووڕی جێبەجێکراوە و زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەکەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

ئەم بابەتە 21 جار خوێندراوەتەوە