سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان : مه‌سیحییه‌كان پێكهاته‌یه‌كى ڕه‌سه‌نى كوردستانن

پەیامی کورد ... سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان : مه‌سیحییه‌كان پێكهاته‌یه‌كى ڕه‌سه‌نى كوردستانن
پێنجشه‌ممه 2025/10/16 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له قه‌داسه‌تى پاتریارك مار ئه‌غناتیۆس ئه‌فرامى دووه‌م، پاتریاركى كه‌نیسه‌ى سریانی ئۆرتۆدۆكسى و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له ژماره‌یه‌ك له مه‌تران و قه‌شه و پیاوانى ئایینی كه‌نیسه‌كه له سه‌رتاسه‌رى جیهان، پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا قه‌داسه‌تى پاتریارك و شاندی یاوەری، باسیان له ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد كه بۆ كردنه‌وه‌ى دوو كه‌نیسه بوو، یه‌كێکیان له هه‌ولێر و دووه‌میان له دهۆك.
له‌مباره‌یه‌وه سوپاسی هاوكاری و پشتگیری سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستانیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌سیحى كرد به‌تایبه‌تى له كاته سه‌خته‌كان و سه‌رده‌مى ئاوارەبوونى مه‌سیحییه‌كان و پێكهاته‌كانى دیكه له كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها ستایشى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ى نێوان پێكهاته‌كانیان له هه‌رێمى كوردستان كرد.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه كوردستان بێ جیاوازى، نیشتمانى هه‌مووانه و شانازى به پێكه‌وه‌ژیانه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها دڵنیاى كردنه‌وه كه هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له بره‌وپێدان و فراوان كردن و پاراستنى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و فره‌یى. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها ووتى : مه‌سیحییه‌كان پێكهاته‌یه‌كى ڕه‌سه‌نى ئه‌م وڵاته‌ن و پێكه‌وه هه‌مووان له ئه‌رك و مافه‌كاندا یه‌كسانن.
دۆخى كه‌نیسه‌كه و شوێنکەوتووانی له هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ووڵاتانى جیهان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.
ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە




