سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له گرینگی ته‌كنۆلۆژیا و زیره‌كی ده‌ستكرد ده‌كاته‌وه

پەیامی کورد ... سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له گرینگی ته‌كنۆلۆژیا و زیره‌كی ده‌ستكرد ده‌كاته‌وه
چوارشه‌ممه 2025/10/15 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شداری له ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى چوارده‌هه‌مینى زانكۆى ئه‌مریكى له عێراق ـ سلێمانی دا كرد كه تیایدا 218 ده‌رچووى به‌كالۆریووو ماسته‌ر خوێندیان ته‌واو كرد.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا هه‌ر یه‌ك له به‌ڕێزان د. بیلال وه‌هاب سه‌رۆكى زانكۆ و ژه‌نه‌راڵ پێترایۆس له ووته‌كانیاندا ستایشى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و پشتگیرییه‌كانى بۆ زانكۆ، هه‌روه‌ها كار و هه‌وڵه‌كانى بۆ پێش خستنى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵ و سه‌ركردایه‌تیكردنى، كرد.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه له ووتارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، ستایشى ڕۆڵى زانكۆكه‌ى كرد له پێگه‌یاندنى نه‌وه‌یه‌كى پێگه‌یشتوو كه خاوه‌ن و مایه‌ى هیوا و ئومێدى داهاتووه. هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى ژه‌نه‌راڵ ده‌یڤیدپێترایۆس دۆستى گه‌لى كوردستان و عێراقى كرد كه له كاته سه‌خته‌كاندا یارمه‌تی عێراق و هه‌رێمى كوردستانى داوه.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كردنه‌وه‌ى تاقیگه‌ى زیره‌كی ده‌ستكرد (AI)ى له زانكۆ به ناوى ژه‌نه‌راڵ پێتریۆسه‌وه، به نیشانه‌ى سوپاسگوزاری گه‌لى كوردستان بۆ هاوكارییه‌كانى به‌ڕێزیان له قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ر سه‌ر گرینگی (AI) بۆ ئێستا و داهاتووى هه‌موو بواره‌كانى ژیان.
ئه‌مه ده‌قى وتارى جه‌نابیانه:
بەڕێز جه‌نه‌راڵ دەیڤید پێترایۆس،
دۆستى دڵسۆزى عێراق و گه‌لى كوردستان،
به‌ڕێزان سه‌رۆك و مامۆستایان و ستافى زانكۆ
خوێندکاران و قوتابیانى ئازیز،
ئامادەبووانی بەڕێز…
ئێواره‌تان باش،
مایه‌ى خۆشحاڵیمه كه له سلێمانیم، ئه‌م ئێواره‌یه‌ش زۆر خۆشحاڵترم به‌وه‌ى كه له دوو بۆنه و ڕێوڕه‌سمى دڵخۆشكه‌ر و تایبه‌تدا، له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى ئازیز بەشدارم. ئاهەنگی دەرچوونی خولى چواردەهەمی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی، هه‌روه‌ها کردنەوەی تاقیگەی پێترایۆس بۆ زیرەکیی دەستکرد (AI)، کە هەنگاوێکی پێشەنگى ئومێدبه‌خشه بەرەو داهاتووی زانستی و تەکنەلۆژی لە کوردستان و لە هەموو عێراق.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه، ده‌مه‌وێ له دڵه‌وه به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ پێترایۆس بكه‌م، زۆر به خێر بێیتەوە بۆ عێراق، بۆ كوردستان. زۆر خۆشحاڵین كه له‌م ڕێوڕه‌سمەدا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا به‌شدارن.
به ناوى خۆم و به‌ناوى هه‌مووتانه‌وه پیرۆزبایى لێ ده‌كه‌م بۆ وه‌گرتنى دكتۆراى شانازى له زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له سلێمانى. سوپاسى زانكۆ ده‌كه‌م كه ئه‌م بڕوانامه‌یان پێ به‌خشى، ئێوه‌ش به چەپڵه‌یه‌كى گەرم پێشوازى و پیرۆزبایى لێ بكه‌ن.
ده‌رچووانى ئازیز،
به گه‌رمى و له كانگاى دڵمه‌وه، پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م بۆ سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌و ڕۆژه‌ى کە دواى ساڵانێكى پڕ له كۆشش، زۆر چاوەڕێی بوون. پیرۆزبایى له خێزان و مامۆستایانتان ده‌كه‌م كه له‌گه‌ڵ ئێوه ڕه‌نجیان كێشا و له‌پێناو سه‌ركه‌وتنى ئێوه‌دا، ماندوو بوون. ئه‌مڕۆ هه‌موومان شانازیتان پێوه ده‌كه‌ین.
ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئێوه پێى گه‌یشتوون، چ ئه‌وانه‌ى به‌كالۆریۆس و چ ئه‌وانه‌یشى كه ماسته‌ریان له بواره جیاكاندا ته‌واو كرد، ئه‌مه به‌رى ڕه‌نج و هه‌وڵدان و مكوڕى و دەستپێکی كاروانێكى نوێى ژیانى كرداریتانه. ئێوەی ئازیز، ئێوە ئەمڕۆ تەنها هه‌ڵگرى بڕوانامه‌یه‌ك نین، بەڵکوو ئەمانەتێکی گەورە هەڵدەگرن كه بنیاتنانی داهاتووی ئەم وڵاته‌ی لەسەرە.
کوردستان و عێراق پێویستییان پێتانە: بە زانستتان، بە بیرۆکەکانتان، بە داهێنانتان و بە تین و وزەتان کە ڕۆحی هیوا و ئومێد و گۆڕانکارین.
بە ڕاشكاوى و بە ڕاستگۆیى پێتان دەڵێم: ئەو داهاتووەی کە ئێمه له كوردستان و عێراق خەونی پێوه دەبینین، جگە لە ئێوە، کەسی تر دروستی ناکات. ئێوەن کە سەرکردایەتیی چەرخی گەشەسەندن دەکەن، ئێوەن کە كۆمه‌ڵگه و وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو و هاوچەرخ و گەشاوە بنیات دەنێن. وڵاتێك، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه لەسەر بەهاكانی ئازادی، دیموکراسی، فره‌یى، كراوه‌یى، زانین و پێشکەوتن، بنیات ده‌نرێت.
ئێمه لە کوردستان پەروەردە و فێركردنمان کردووە بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگه‌دا. باوەڕی قووڵمان وایە کە مرۆڤسازى و وەبەرهێنان لە مرۆڤدا، زیرەکترین و باشترین و به‌قازانجترین وەبەرهێنانە. زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی، وه‌ك زانكۆكانى تر له هه‌رێمى كوردستان و عێراق، نموونەیەکی ڕوونە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پەروەردەی هاوچەرخی کراوە به‌سه‌ر جیهاندا، دەتوانێت چ كاریگه‌رییه‌كى ئه‌رێنى و بنیاتنه‌رانەی هه‌بێت.
ئەم زانکۆیە لە سلێمانی، لە درێژه‌ی ساڵەکانی ته‌مه‌نیدا، نەوەیەکی لە گه‌نجانى خوێندەواری پێگه‌یشتوو ده‌رچوواندووه كه بۆ بەهاکانی دیموکراسی و زانستى هاوچەرخ و بیرکردنەوەى ڕەخنەگرانه‌ى ئازاد، كراوه‌ن. ئەمەش ڕێك ئەوەیە کە کۆمەڵگه‌كه‌مان پێویستى پێیەتی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی بەهێزتر، گه‌شاوه‌تر و پێشكه‌وتووتر.
ئامادەبووانی بەڕێز،
تاقیگەی پێترایۆس بۆ زیرەکیی دەستکرد كه به‌رله دوو ڕۆژ لێره له زانكۆ كرایه‌وه، گۆڕانکارییەکی جۆریی نوێیە لە كاروانى لێکۆڵینەوەی زانستی و ته‌كنه‌لۆژى و پەرەپێدان لەم ناوچه‌یه‌دا.
ئەم پرۆژە پێشەنگە، کە ئێستا بە زمانی کوردی، زاراوه‌ى سۆرانی، دەست پێدەکات و دواتر په‌ره‌ى پێده‌درێت بۆ زاراوه‌كانى تر و به كوردى بیرده‌كاته‌وه، به تەنها ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕوانگه‌ى زانکۆ نییه، بەڵکوو متمانەیەکی گه‌وره‌ش به‌رجه‌سته ده‌كات به‌وه‌ى کە ئێمە ته‌نها به‌كارهێنه‌رى ته‌كنه‌لۆژیا نین، ڕ‌ازى نین ته‌نیا به‌كارهێنه‌ر بین، به‌ڵكوو دەمانەوێت و دەتوانین دروستکەری تەکنەلۆژیاش بین.
ئه‌مه هه‌روه‌ها زمانى شیرین و ده‌وڵه‌مه‌ندى كوردى ده‌باته قۆناغێكى پێشكه‌وتووه‌وه. زمان و كه‌له‌پوور و وێژه‌ى كوردى ده‌پارێزێت و ده‌یكات بە جیهانی. ئه‌مه له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانى تر‌ى زانكۆی ئه‌مه‌ریكى له سلێمانی،له خوێندنى (IT) و (AI)، له دیدارى كوردناسى، به ڕاستى هه‌نگاوێكى گرنگ و مایه‌ى شانازى و ده‌ستخۆشییه.
نیشانده‌رى ئه‌وه‌یه كه ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به هه‌بوونى گه‌نجانى زانستخواز و پێگه‌یشتووى وه‌ك ئێوه، به هه‌بوونى مامۆستایانى خه‌مخۆر و دۆستانى دڵسۆزى وه‌ك جه‌نه‌راڵ پێترایۆس، ده‌توانین هه‌نگاوى گه‌وره به‌ره‌و جیهانى پێشكه‌وتووى ته‌كنه‌لۆژیا بنێین.
به‌ڕێزان،
(AI)، زیرەکیی دەستکرد ئیتر یەکێکە لە بزوێنەرەسه‌ره‌كییه‌کانی ئابووریی هاوچەرخ و پەروەردە و تەندروستی و وزە و گەشەسەندنی گشتگیر. ڕۆژانه و به خێرایى له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌بێته پێویستییه‌كى ژیانى، بۆیه دەستپێکردنی ئەم تاقیگەیە لە هەولێر، لە سلێمانی و کوردستانەوە، پەیامی هیوا و هێزە، کە ئێمە باوەڕمان بە لاوان و بە زانست هەیە، کە ئێمە بەشێکی گرنگین لە داهاتوویه‌كى باشتر و گه‌شاوه‌تر.
به‌م بۆنەیەوه، دووباره به‌خێرهاتن و ده‌ستخۆشییه‌كى گه‌رم له هاوڕێی ئازیزی گەلی کوردستان و عێراق، به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ دەیڤید پێترایۆس ده‌كه‌م. به‌ڕێزیان چەند ڕۆژێکە لە کوردستان و عێراقه. هیوادارین عێراق و هەرێمى كوردستان بەو ئاراستەیە بڕۆن کە ئه‌و خەباتى بۆ کردووە: وڵاتێکی سەقامگیر، دیموکراسی و ئاوەدان.
به‌ڕێزیان ڕۆڵێکی گرنگی لە قۆناغێکی هەستیارى مێژووی وڵاتەکەماندا هەبوو. جەنابیان، ئه‌و كاتى خۆى، جوامێرانه له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ڕووبه‌ڕووى تیرۆر و تیرۆرستان بووه‌وە، هه‌روه‌ها بەشداریی لە پشتگیریکردنی چەندین پرۆژەی گرنگدا له هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد.
له كاتێكدا ئه‌و سه‌رده‌مه كۆمپیووته‌ر بۆ ئه‌م وڵاته نه‌ده‌هات، ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو كه به سوپاسه‌وه كاتى خۆى به فڕۆكه کۆمپیووتەری بۆ زانكۆى سلێمانى هێنا، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و هاوبه‌شیى لە دروستکردنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا هه‌بوو.
هیوادارین به‌م زووانه‌ش گه‌شته ئاسمانییه‌كان له سلێمانییه‌وه بۆ توركیا و به ئاسمانى توركیاشدا بۆ ئه‌ورووپا و جیهان ده‌ست پێبكه‌نەوە، پاش ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو له كاتى كۆبوونه‌وه‌مدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا، جەنابی سەرۆك ئه‌ردۆغان، بڕیارى كردنه‌وه‌ى ئاسمانى توركیا به‌ڕووى سلێمانیدا، درا.
هەروەها دەمەوێ هەر بەو بۆنەیەوە، گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال بەبیربهێنمەوە. ئه‌وه هەنگاوێكی گەورەیە كە ئەمڕۆ یادی ئەو بەڕێزە بكەینەوە. یادی ئەو بەڕێزە بكەینەوە كە پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ ئەم زانكۆیە، پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ هەموو عێراق. من خۆم شەخسی شاهدی ئەوەم كە چەند مەبەستی بوو ئەم زانكۆیە پێشبكەوێت و چەند مەبەستی بوو و داوای لە هەموو لایەك دەكرد پشتگیریی ئەم زانكۆیە بكەین. ڕۆحی شاد و یادی بە خێر بێت.
پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى جه‌نه‌راڵ پێترایۆس بۆ هه‌میشه به ڕێزه‌وه لە یاده‌وه‌رییەكانی گەلى كوردستاندا ده‌مێننه‌وه. ناونانی ئەم تاقیگەیە بە ناوی به‌ڕێزیانه‌وه، تەنها ڕێزگرتنى گه‌لێكى پێزان به هاوكارى و دۆستایه‌تى و دڵسۆزى نییە، بەڵکوو دەربڕینێکی ڕاستگۆیانەیە، سوپاسگوزاریی گەلی کوردستانە بۆ هاوڕێیەک کە لە سەختترین کاتەکاندا لەگەڵماندا وەستاو پشتگیریی كردین. زۆر سوپاس جەنەراڵ.
ده‌رچووانى ئازیز..
کلیلەکانی داهاتوو، ئەمڕۆ لە ده‌ستى ئێوه‌دایه. ئێوە تەنها نوێنەرایەتیی خۆتان ناکەن، بەڵکوو نوێنەرایەتیی داهاتووی وڵات و گه‌لێكى شه‌یداى ئازادى و كراوه‌یى و پێشكه‌وتن دەکەن. بۆیە ئاواتەخوازم، داهێنەر بن، کراوە بن، ڕه‌خنه‌گر بن، متمانەتان بە خۆتان هەبێت، له هه‌مووى گرنگتر نیشتمانى خۆتان خۆش بوێت و بۆی تێبكۆشن و خەبات بكەن. تەنها به بەشداریکردن لەگه‌ڵ جیهاندا ڕ‌ازى نه‌بن، بەڵکوو بەشداریی لە دروستکردنیدا بكه‌ن.
سوپاسی ڕۆڵى پێشه‌نگى زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی دەکەم، هیوادارم تاقیگەیان بۆ زیرەکیی دەستکرد (AI) ببێتە سەکۆیەکی ڕاستەقینە بۆ داهێنانی زانستی و بەشداریی لە بنیاتنانی ڕابوونێكى زانیاری و ته‌كنه‌لۆژى لە کوردستان و لە عێراق و تەنانەت لە ناوچەکەشدا، بكات. به ته‌واوى بڕوا و متمانه‌م به تواناى گه‌نجان و نه‌وه‌ى تازه‌ى كوردستان هه‌یه كه ده‌توانن له‌م بواره‌دا، هه‌نگاوى پێشه‌نگ و داهێنه‌رانه بنێن.
دووباره لێرەوە پیرۆزبایى له ئێوه‌ى ده‌رچووانى ئازیز، پیرۆزبایی لە یەك بە یەكەتان دەكەم، له خێزان و كه‌سوكار و مامۆستایان و ستافى زانكۆ ده‌كه‌م. ئێوه بۆ هه‌موومان، بۆ كوردستان و بۆ عێراق، مایه‌ى شانازى و جێى هیوا و ئومێدن.
هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم،
هەر لە خۆشی‌دا بن.
بە خێر بێن سەر چاو..
زۆر سوپاس..
ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە




