مەحموود محەمەد : دابەش کردنی پۆستەکان تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بوونهتەوە

پەیامی کورد ... مەحموود محەمەد : دابەش کردنی پۆستەکان تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بوونهتەوە
ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا باسی لە دواین پێشهاتەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی سلێمانی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد.
مەحموود محەمەد، ئەندامانى دەستەى کارگێر و ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ووتی، "شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکهێنانی حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دابەش کردنی پۆستەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بوونهتەوە. ئاماژەشی دا، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی تر بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا، پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتییەکەی هەڵبژێرێت و دەست بە کارەکانی بکات.
سەبارەت بە بارودۆخی سلێمانی، مەحموود محەممەد جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێگە نەدرێت ئەو بارودۆخە ببێتە هۆی نیگەرانی خەڵک. ووتیشی، "خەڵکی سلێمانی شایەنی ئەوە نین چیتر بەم شێوەیە نیگەران بکرێن. داواشی کرد کە کێشەکان چارەسەر بکرێن و یاسا سەروەر بێت.
لە ووڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی کە ئایا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەوێتە پێش یان دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ووتەبێژی پارتی ئەوەی خستە ڕوو، ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان پێک بهێندرێت، ئەوە پرۆسەکانی دیکە بەپێی کات و ڕێکاری یاسایی خۆیان بەڕێوە دەچن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، مەحموود محەممەد ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی بەغدا گرت بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و ووتی، "ئەوەی بەغدا بەرانبەر خەڵکی کوردستان دەیکات، برسیکردنی خەڵک و فشارخستنەسەرە، ئەگەر نە ڕێککەوتنی باش لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کراوە، جەختیشی کردەوە پێویستە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن، نەک بە بیانوو هێنانەوە بۆ دواخستنی چارەسەر.
ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە خەمی خەڵک و مووچەخۆران و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان ه و بڕیارمان ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق دەبێت بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات.
ئەم بابەتە 17 جار خوێندراوەتەوە




