ڕاگەێندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ەوە

پەیامی کورد ... ڕاگەێندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ەوە
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا لە بارەی ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکاتەوە..
دهقی ڕاگەێندراوەكەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:
ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، کە بەداخەوە چەندین قوربانی لێکەوتەوە، بونە هۆی نیگەرانی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە.
پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەری خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت بەباش نازانین.
لە نیگەرانی و دڵە ڕاوکێی خەڵک تێدەگەین و، لە پێناو هەرێمەکەمان و ئارامی دەروونی هاووڵاتیانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دامەزراوەکان بکەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە ڕابگیرێت.
هاوكات، سهرهخۆشى له خانەوادە و كهسوكارى سەرجەم قوربانییەكان دەكەین و هاوخهمیانین، هیواى زوو چاكبوونهوهیش بۆ برینداران دهخوازین.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥
ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە




