پانێڵی كارە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو

پانێڵی كارە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو
پەیامی کورد   ...   پانێڵی كارە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو

25ی ئابی 2025  لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەراسیمی دابەشكردنی كتێبی پێنجەمی بازنەی گفتوگۆ بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەكه‌دا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی كارگیر و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لەوەزیر و پەلەمانتار و رۆشنییر و رۆژنامەنووسان و بەشداربووانی هەر 6 گفتوگۆكەی وەرزی پێنجەمی بازنەی گفتوگۆ ئامادەبوون، لە دەستپێك دا د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە پەیڤێكدا جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە بازنەی گفتوگۆ پلاتفۆرمێكی كراوەیە بۆ پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازییە سیاسی و نەتەوە و ئایینەكانی ووڵاتی خۆمان و پێكەوە گرێدانەوەی خواستی هاووڵاتیان بە حكوومەتی خۆیانەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی درووست بەشداری بەردەوامیان لە پرۆسەی سیاسی ووڵاتی خۆیان هه‌بێت، لە بەشێكی دیكەی پەیڤەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە تەنیا ڕێگە بۆ لێكتێگەیشتن و دروستكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان كۆی جیاوازییەكانمان ئەوەیە كە دەبێت پێكەوە گفتوگۆ بكەین بۆ ئەوەی لێكتێگەیشن درووست بێت و پێكەوە ڕێگەی گونجاو بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانمان بدۆزینەوە.

بڕگەیەكی دیكەی ئەم مەراسیمە تەرخانكرابوو بۆ هونەری شێوەكاری كە تیایدا هونەرمەند "سۆما توانا مەرجان" لەماوەی چەند خولەكێكدا و لەگەڵ نەغمەی ئاوازیكی ڕەسەنی كوردی دا، تابلۆیەكی نەخشاند كە هێما بوو بۆ یەكریزی و تەبایی نێوان هێزە سیاسەكانی كوردستان و لە پەیڤێكدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە چەند جیاوازبین دەبێت ڕایەڵەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی هەموو جیاوازییەكانمان پێكەوە گرێبداتەوە و هەر لایەك تەواوكاری لایەنەكانی دیكە بێت.

بۆ ئەم مەراسیمە پانێڵێك ئامادەكرابوو بۆ د. ئومید سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناونیشانی (كارە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پانێڵەكه‌دا، د. ئۆمێد سەباح زۆر ڕاشكاوانە ئاماژەی بەو بەرنامە چاكسازییە كرد كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو سێكتەرەكانی حكوومەتدا هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە و جێبەجێی كردووە، سەبارەت بە بژیوی خەڵك و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە لە كابینەی نۆیەم دا مووچە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەت بووە و هەتا ساڵی 2023 كە بەبڕیاری دادگای پاریس هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیرا، حكوومەت دەیتوانی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بەڵام لەدوای ئەو بڕیارەوە هەوڵەكان بەردەوامن لەگەڵ حكوومەتی بەغدا بۆ ئەوەی بەلێكتێگەیشتن بگەینە چارەسەرێكی ئەوتۆ كە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت، بۆ ئەمەش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ڕێككەوتنی باش كراوە لە نێوان هەردوولا بۆ ئەوەی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبكاتەوە.

ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە