مەسروور بارزانی : دەمانەوێت کوردستان ببێتە ئەو جێگەیەی گەنجەکانمان بیرۆکەکانیان تێدا بکەن بە پرۆژە

پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی : دەمانەوێت کوردستان ببێتە ئەو جێگەیەی گەنجەکانمان بیرۆکەکانیان تێدا بکەن بە پرۆژە
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پارکی زانست (Science Park)ـی سەر بە ئەنستیتووتی داهێنان و نوێگەری کوردستان KII لە هەولێر دانا، لە مەڕاسیمەکەدا ووتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی :
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم و خۆشحاڵم كە لەگەڵتانم ئەمڕۆش بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی تری گرنگ كە بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست لە هەرێمی كوردستاندا.
سێ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک (ئەنیستیتیوتی داهێنان و نوێگەری كوردستان- KII)مان، وەک دامەزراوەیەکی تایبەت بۆ نوێگەری و داهێنان لە کوردستاندا ڕاگەیاند، بەڵێنمان دا کە پارکێکی تایبەت بە زانست درووست بکەین کە بەشێک بێت لەم ئەنیستیتووتە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ داهێنەران بکەین و تاقیگە و کارگەی جۆراوجۆریان بخەینە بەردەست تا بتوانن بیرۆکە و توێژینەوەکانیان بە شێوەیەکی کرداری لە بوارە جیاوازەکاندا تاقی بکەنەوە و بە ئەنجامیان بگەێنن.
ئەمڕۆ خۆشبەختانە بەردی بناخەی ئەو پارکە دادەنێین و ئومێدمان زۆرە ببێتە ناوەند و مەڵبەندێکی گرینگی زانستی و ئەکادیمی بۆ کۆکردنەوەی داهێنەران و بەهرەمەندان و پسپۆڕان نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو ناوچەکەدا.
هیوادارم ئەم شوێنە، ڕۆڵێکی گرینگ و کارا لە پێش خستنی ژێرخانی زانستی هەرێمی کوردستان دا بگێڕێت و یارمەتیمان بدات بۆ گەشەپێدانی ئابووری ووڵاتەکەمان لە هەموو بوارەکان دا و هەروەها ببێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی جۆراوجۆری کارکردن بۆ گەنجەکانمان لە هەموو کەرتەکان دا.
ئێمە گەنجی بەهرەمەندمان زۆرن، چ لە کوردستان بن یان لە دەرەوە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاو و شوێنی تایبەتمەند بە پەرەپێدانی توانا و بەهرەکانیان، نەتوانراوە وەکوو پێویست، سوود لە بیرۆکە و داهێنانەکانیان وەربگیرێت. بۆیە داوا لە کەسانی بەهرەمەند و داهێنەر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەم کە لە ڕێگەی ئەم پارکەوە، پەرە بە بیرۆکە و توێژینەوەكانیان بدەن و بیکەن بە ناوەندێکی گرینگی داهێنان.
ووتەیەکی باو هەیە دەڵێ (پێداویستی دایکی داهێنانە Necessity is the Mother of Invention) کە بووەتە بنەما بۆ زۆر داهێنانی گەورە کە گۆڕانکاریی مەزنیان لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا دروست کردووە. تەنانەت لە ساڵانی ڕابردووش، لە کۆمەڵگەی ئێمەش دا، زۆر داهێنان کراون بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان. بۆیە تا مرۆڤایەتی هەبێت، داهێنان بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی کە ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد دەژین و شەپۆلێکی خێرا و گەورەی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان، لە هەموو بوارەکاندا ژیانی ئێمەیان داگیر کردووە. بەڵام بێگومان هەموو بیرۆکەیەکی داهێنان، پێویستی بە ژینگەیەکی لەبار و پشتیوانی هەیە بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگات و زیاتر گەشە بکات و بکەوێتە خزمەتی خەڵک. لەم ڕووەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ داهێنان و کاری نوێگەری و پەرەپێدانی کاروباری زانستی و پشتگیریکردنی زانایان و داهێنەرانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
من سوپاسی كۆمپانیای (بین گارد)ی سویدی دەكەم كە ئەوان هەر لە سەرەتاوە كە داوامان لێكردن بێن یارمەتیمان بدەن بۆ دیزایینكردنی باڵاخانە و دروستكردنی ئەم پاركە، هاتن و زۆر خۆیان ماندوو كرد تاكوو گەیشتین بە ئەنجامی ئەم دیزایینەی كە دەیبینن و بە شێوەیەكی زۆر جوان و سەردەمییانە ئامادە كراوە، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم.
لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی گرینگ بدەم كە ئەم پرۆژەیە راستە حكومەت پشتیوان دەبێ و زەوی بۆ تەرخان كردووە، بەڵام لە لایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێ و ئەنجامەكانی لە ئەنجام دا بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت.
بیرۆكەی دروستكردنی پاركی زانست بۆ ئەوە بووە كە ئێمە شوێنێك ئامادە بكەین بۆ ئەو هەموو بەهرە و توانایەی كە لە گەنجەكانی ئێمەدا هەبووە، بەڵام زۆرجار جێگە و ئیمكانیاتی پێویست نەبووە كە بیرۆكەی خۆیان بكەن بە راستی و بیكەن بە پرۆژە. هەندێكجار خەڵكی سەركەوتوومان هەبووە بەڵام روویان لە هەندەران كردووە تاكوو ئەو پێداویستیانەی كە بەدوایاندا دەگەڕان، ئەو ئیمكانیاتانەی بەدوایاندا دەگەڕان، بتوانن لە دەرەوە بۆ خۆیان دابین بكەن و بیرۆكەكانیان بكەن بە راستی.
ئێمە دەمانەوێ كوردستان ببێتە ئەو شوێنەی كە گەنجەكانمان هەر لێرە بتوانن بیرۆكەكانی خۆیان بكەن بە پرۆژە، ئەمە ئەو بەڵێنەیە كە پێشتریش بە گەنجەكانمان داوە و ئێستا دەبێتە حەقیقەت.
وەبەرهێنانی زۆرمان كردووە لە كەرتی كشتوكاڵ، لە ڕێگەوبان، لە گەشتوگوزار، لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەمجارە وەبەرهێنان لە هزر و بیری گەنجەكان دەكرێت كە گەورەترین سەرمایەی وڵاتەكەمانە و ئومێدێكی یەكجار زۆرم هەیە كە ئەم پرۆژەیە دەبێتە پرۆژەیەكی زۆر گەورە بۆ خزمەتكردن و پێش خستنی كوردستان و گەنجەكانیشمان زیاتر دەتوانن سوودمەند بن لەو خزمەتگوزارییانەی كە دەخرێتە بەردەستیان.
جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاسی ئەو ئەندازیارە بەڕێزانە دەكەم كە ئەم پرۆژەیەیان ئامادە كردووە و تەمەننای سەركەوتن بۆ هەموو لایەكتان دەخوازم، هیوادارم كوردستان رۆژ بە رۆژ لە گەشەكردن و سەركەوتندا بێت.
زۆر سوپاس
ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە




